PAZADIK: ديمانه‌ی ستانده‌ر له گه‌ل به‌ڕێز حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا جێگری سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستان سه‌رباره‌ت به کار‌و چالاکی PAK و باس له‌چالاکی مه‌ده‌نی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و پێوه‌ندی نێوان حیزبه‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستان.به‌شی دووهه‌م.. PDF word
ستانده‌ر:خوێندنه‌وه‌تان بۆڕه‌وشی ئێستای ئێران به‌گشتی و کۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چۆنه؟
ئێران گیرۆده‌ی چه‌ند قه‌یرانی قووڵه که به کورتی به‌مجۆره خاڵبه‌ندییان ده‌که‌م:
حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا: قه‌یرانی شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات: ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ده‌بێ شه‌رعیه‌تی له خه‌ڵك وه‌ربگیرێ. کۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر بنه‌مای زه‌بروزه‌نگ و سه‌رکوت به پێوه‌ماوه.
2- قه‌یرانی ناسنامه: ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئێران، حه‌ولی داوه ئێران به خاوه‌نی یه‌ك ناسنامه بناسێنێ و یه‌ك ناسنامه‌ش بسه‌پێنێ. به‌ڵام ئێران نه بریتییه له یه‌ك نه‌ته‌وه، نه له یه‌ك کولتور و نه له‌یه‌ك ناسنامه.
ئێران وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه‌ی فره خاك و فره کولتوره.
3- قه‌یرانی به‌شداریی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ئێران وڵاتێکی فره نه‌ته‌وه و فره کولتوره، که چی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و پۆسته حاکمییه‌تییه‌کان ( سیادی) و زمانی حوکمڕانی و زمانی فه‌رمیی ته‌نیا له پاوانی یه‌ك نه‌ته‌وه دایه که ئه‌ویش فارسه‌کانن و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه به‌شدارنین له ده‌سه‌لاتی سیاسیی دا.
4- قه‌یرانی کۆمه‌ڵایه‌تی: رێژیمی کۆماری ئیسلامی کۆمه‌ڵگای ئێرانی تووشی قه‌یران کردوه. بێ‌کاری، راده‌ی تووشبووان به ماده سڕکه‌ره‌کان، رێژه‌ی ته‌ڵاق، رێژه‌ی تاوان و لادان، گه‌نده‌ڵی و دزی و به‌رتیل له به‌رزترین ئاستی مێژووی هاوچه‌رخی ئێراندان.
5- قه‌یرانی ئابووری: ئابووری ئێران ئابوورییه‌کی تاک به‌رهه‌مییه و به‌ستراوه به نه‌فه‌ته، ئابوورییه‌کی داته‌پیوه،رێژه‌ی هه‌ڵاوسان به‌رزه،پاره‌ی ئێران بێ هێزه و گرانی ته‌نگی به ژیانی خه‌ڵک هه‌ڵچنیوه،داهاتی سه‌رانه‌ی تاک له چاو ستاندارده‌ناسراوه‌کان زۆر له خوارێیه.
6- قه‌یران له گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌گای نێوده‌وڵه‌تیدا: ئێران به‌هۆی حه‌وڵدان بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له قه‌یراندایه. له ئاکامی ئه‌م قه‌یرانه‌دا، ئه‌نجومه‌نی ئاسایس 4 بڕیارنامه‌ی له‌سه‌ر ئێران ده‌رکردووه و کۆمه‌ڵێك سزای به سه‌ردا سه‌پاندووه. درێژه‌ی ئه‌م قه‌یرانه زیاتری ته‌ریك ده‌کاته‌وه.
سه‌رجه‌می ئه‌م قه‌یرانانه، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی له نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتدا که‌لێنێکی گه‌وره و به‌رین هه‌بێ و کۆماری ئیسلامی به زه‌بری سه‌رکوت و زه‌بر و زه‌نگ ده‌سه‌ڵاتی خۆی بسه‌پێنێ.
به‌م هۆیانه‌و چه‌ند هۆیه‌کیتریش کۆماری ئیسلامی ده‌وڵه‌تێکی شکستخواردوو( الدوله الفاشله)یه که بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی بۆ ناوخۆ و ده‌ره‌وه.
کۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش له‌لایه‌ك به‌شێکه له‌م بارودۆخه و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه.
پله‌ی هوشیاری سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی له نێو خه‌ڵكدا له چاو به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئێران له‌سه‌ره‌وه‌تره. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م حاڵه‌ته کوردستان له زوڵم و زۆر و هه‌ڵاواردن و پێشێل کرانی مافه‌کانی مرۆڤ و زیندان و ئێعدام به‌شی شیری هه‌یه‌و کۆماری ئیسلامی سیاسه‌ت و ره‌فتاری داگیرکه‌رانه‌ی هه‌یه له کوردستان.
ستانده‌ر: زۆربه‌ی پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات باس له‌به‌ره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌ن ، به‌ڵام تائێستا هیچی وانه‌بینراوه،پێت وانیه ئه‌و قسه‌یه ته‌نێ بۆڕاگه‌یاندنه‌و له‌بواری جێبه‌جێکردندا جێگه‌یه‌کی بۆدانه‌نراوه؟ پارتی ئازادی له‌و بواره‌وه چی کردووه‌و چۆن بیرده‌کاته‌وه؟
حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا:له‌م چه‌ندساڵه‌ی دواییدا پرسی به‌ره‌ی کوردستانی بووه جێی بایه‌خی خه‌ڵك و حیزبه سیاسییه‌کان. له‌م پێوندییه‌دا جموجۆڵ و کۆبوونه‌وه و هاتووچۆی زۆرمان له نێواندا هه‌بوو. به‌ڵام هه‌موو دوو قۆڵی بوون و نه‌گه‌یشتینه ئاستی چه‌ند قۆڵی. به داخه‌وه ئه‌و خوله له حه‌وله‌کان به ئاکامی پێویست نه‌گه‌یشتن. پاش ئه‌و جیابوونه‌وانه‌ی روویان داوه، به‌هۆی ئه‌و کێشانه‌وه له گۆڕێدان، پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوو له حیزبه‌کان جارێ سه‌رنا‌گرێ.
ئێمه وه‌ك پارتی ئازادیی کوردستان، گرینگییه‌کی زۆر به هه‌بوونی سه‌نته‌ری بڕیاری سیاسیی له بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی کوردستان و یه‌کخستنی توانا و گوتاری سیاسیی ده‌ده‌ین. ئه‌م هه‌لومه‌رجه ناله باره نابێته هۆی ئه‌وه‌ی له حه‌وله‌کانمان کۆڵ بده‌ین و ده‌سهه‌ڵگرین. له حاڵی حازردا ئێمه پێمانوایه مادام حیزبه‌کان ناتوانن به‌ره یان ئیئتلافێك پێك‌بێنن، پێشنیاری ئه‌وه‌مان کردوه ئه‌نجومه‌نێکی هه‌ماهه‌نگی سیاسیی له که‌سایه‌تییه‌کان، سه‌ربه‌خۆ له حیزبه‌کان پێکبێ.
ستانده‌ر: پارتی ئازادی وه‌ک پارتێکی نه‌ته‌وه‌یی ده‌یناسێنن، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه ده‌گیرێ که‌به‌م دواییانه له‌پارته ئێرانچیه‌کان نزیک که‌وتوونه‌ته‌وه؟
حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا:پارتی ئازادیی کوردستان، پارتێکی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانییه. مانیفێستی ئازادیی کوردستان، پرۆگرامی پارتی ئازادیی کوردستان، پرێنسیپ و ئامانج و رێبازی PAKی دیاری کردووه. له‌م ماوه‌یه‌شدا، دووری و نێزیکییه‌کی تایبه‌ت له که‌س رووی نه‌داوه که نیشانه‌ی گۆڕانێك له پێوه‌ندییه‌سیاسییه‌کانی ئێمه بێ.
بۆ پارتی ئازادیی کوردستان نزیکی و هاوکاریی له‌گه‌ڵ حیزبه کوردستانییه‌کان له پله‌ی یه‌که‌می گرینگی دایه. پاش حیزبه کوردستانییه‌کان حیزب و رێکخراوه‌کانی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران دێ. پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ حیزبه کوردستانییه‌کان باشه و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له حیزب و رێکخراوه‌کانی نه‌ته‌وه‌بنده‌سته‌کانیش له کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ‌دا هاوپه‌یمانیمان هه‌یه، که دیاره ئه‌وان حیزب و رێکخراو گه‌لی نه‌ته‌وه‌کانی خۆیانن و ئێرانچیش نیین. ئیتر نازانم ئه‌و حیزبه ئێرانچییانه کامانه‌ن که ئێوه ده‌فه‌رموون؟ هه‌ڵبه‌ت ئێمه پێوه‌ندییه سیاسییه‌کانمان له سه‌ربنه‌مای ئایدۆلۆژیک رێکناخه‌ین. هه‌ر کات بزانیین پێوه‌ندییه‌ک له گه‌ڵ هێزێک به قازانجی کورد و بزوتنه‌وه‌که‌یه‌تی لێی ناسڵه‌مینه‌وه.
ستانده‌ر: به‌م دواییه به‌رێزت سه‌ردانی ئه‌مریکات کرد، ئه‌و سه‌ردانه له‌سه‌ر داوای ئه‌مریکا بوو یان له‌چوارچێوه‌ی کاری پارته‌که‌تان بوو؟
حسه‌ینیه‌زدانپه‌نا:دۆستانی ئه‌مریکیمان بانگهێشتیان کرد بووین.
ستانده‌ر: له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ملیۆنان دۆلاره‌ی ئه‌مریکا بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی داناوه، پارتی ئازدی تێیدا پشکی هه‌یه؟ لێی سودمه‌ند بووه؟
حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا: ئێمه له وڵاتانی ده‌ره‌وه عه‌وداڵی وه‌ده‌سهێنانی پشتگیریی سیاسیین بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان، نه‌ك پووڵ و پاره.
ستانده‌ر:ڕوانینتان بۆڕه‌وشی ئێستای باشوری کوردستان چۆنه؟ په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ پارتی ویه‌کێتی چۆنه؟
حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا: یه‌زدئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی له باشووری کوردستان به ده‌ست هاتوون، به ده‌سکه‌وتی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌زانین و پێمانوایه ده‌بێ له لایان هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورده‌وه پارێزگاری‌یان لێ بکر‌ێ. ده‌سه‌ڵاتی باشوور بێجگه له‌وه‌ی به‌شێك له ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی و ڕاده‌یه‌ك له سه‌روه‌ریی سیاسیی کورده، سیسته‌مێکی دێموکراتیکه و به هه‌موو که‌م و کووڕیه‌کانیه‌وه له هه‌موو ده‌وروپشتی له پێشتره. ئه‌وه له حالێکدایه که له گه‌مارۆی ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی دوژمن به کورد و تووتالیتێردایه. ئه‌م قه‌واره‌یه له چاو ده‌وڵه‌تێکی سه‌قامگیری رۆژاوایی که نابێ پێکه‌وه به‌راورد بکرێن، زۆر که‌م و کووڕی هه‌یه. به‌ڵام له چاو دراوسێکانی و له چاو سه‌رده‌مانی ئه‌نفال و کیمیاباران و کورد قڕان له ئاستی زۆر جیاوازدایه.
ئه‌وه‌ی ئێمه ڵێی نیگه‌رانیین ئه‌وه‌یه که که‌م و کووڕییه‌کانی ژیان و پێداویستییه‌کانی رۆژانه مه‌سه‌له سه‌ره‌کییه‌که که تا ئێستاش نه‌بڕاوه‌ته‌وه، واتا چاره‌نووسی سیاسیی بخاته په‌راوێزه‌وه. هه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌ی نه‌ته‌وه‌یی لاوازه و نه‌وه‌ی نوێ هه‌ست و بیری نه‌ته‌وه‌یی به هێزنییه و ئه‌وه‌نده‌ی خۆشگوزه‌رانی شه‌خسیی و سه‌روه‌ت و سامان و گه‌یشتنه ئوروپای بۆ گرینگه ئه‌وه‌نده به ته‌نگ بایه‌خ و ئامانج و هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌وه نییه. من سه‌رۆکایه‌تی سیاسیی کوردستان به ئه‌مین و جێ متمانه ده‌زانم، به‌ڵام ره‌فتاری ژماره‌یه‌ك کار به‌ده‌ست به زیان ده‌بینم بۆ سه‌لامه‌تی کۆمه‌ڵگای سیاسی. ئه‌وانه ئه‌و پێناسه پڕ بایه‌خه‌ی ئه‌رستوویان له بیر کردوه که ده‌ڵێ: سیاسه‌ت واتا پارێزگاری له کۆمه‌ڵگای سیاسی و دابینکردنی به‌خته‌وه‌ریی و ئاسایش بۆ خه‌ڵک.
تێبینیه‌کی دیکه‌م ئه‌وه‌یه که، کۆمه‌ڵگاکه له به‌رهه‌م که‌وتووه و بووه‌ته به‌کاربه‌ر. ئه‌و پاره و داهاته‌ی که له کوردستان هه‌یه له جیاتی به هێز کردنی مێشك و بازوی دانیشتوان، ورگی زل کردوون . کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌هاش له پێشکه‌وتن دواده‌که‌وێ.
یه‌کێتی و پارتی دوو سه‌رمایه‌ی سیاسی کوردن و سه‌رکردایه‌تی پرۆسه‌ی سیاسی له باشووری کوردستان ده‌که‌ن و چاره‌نوسی کورد له‌م پارچه‌یه به بڕیاری ئه‌وانه‌وه به‌نده. هه‌روه‌ها له رابردوودا سه‌رکردایه‌تی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی کوردقڕانیان کردوه له باشوری کوردستان. مێژوویان پڕه له فیداکاری و قوربانییدان. ئه‌وان هه‌ڵه ده‌که‌ن،لاواز ده‌بن،تووشی قه‌یران ده‌بن،به‌ڵام ریشه‌یان به قووڵی به کۆمه‌ڵگای کوردستاندا رۆ چوه.
ئه‌گه‌ریش کوردی باشور جارێکی‌تر به هه‌ر هۆیه‌ک لێی بقه‌ومێته‌وه هه‌ر ئه‌وان ده‌بێ باره‌که راست بکه‌نه‌وه. به‌م هۆیانه پێوه‌ندیمان له گه‌ڵ هه‌ر دوو لا برایانه‌یه و ده‌مانه‌وێ هاوکاریان بین بۆ سه‌رخستنی ئه‌رکه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان. هه‌ر له‌و کاته‌شدا ده‌س له کار وباری تایبه‌تی یه‌کتر وه‌رناده‌ین. رێز له مافی حوکمرانییان ده‌گرین و سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری سیاسی و ژیانی رێکخراوه‌یی خۆشمان ده‌یپارێزیین. چ کاتێکیش به پێویستی بزانین ره‌خنه له سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستیان ده‌گرین.
گفتوگۆی: هه‌ڤاڵ نه‌ژاد